📚شۆڕشی ژینا و ڕۆڵی ژنان
 
سولماز دوروودی
شۆڕشی ژینا و دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" بۆ ناڕەزاییی دەربڕین بەرانبەر بە کوژرانی ژینا بە دەستی پارێزەرانی یاسای دژە ژن لە کۆماری ئیسلامیی ئێران و بە پشت بەستن بە ئەزموونی ساڵها خەبات بەرانبەر بە سەرکوت و بێمافکردنی ژنان بە دەستی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران دەستی پێ کرد. ژنان لە جوگرافیای ئێران ساڵهایە لە سەرەتاییترین مافەکانیان بێبەشن و بە هەموو شێوەیەک سەرکوت دەکرێن. ژنان لە کوردستان تەنها لەبەر ڕەگەزیان تووشی هەڵاواردن نەبوون و بەڵکوو بەردەوام تووشی ستەمی نەتەوەییش بوون. ژنانی کورد تەنها وەکوو ژن مافیان نەخوراوە و فاکتۆری دیکەش کە کاریگەرییان لەسەر ژیانی ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتیی ژندا هەیە، دەوری بەرچاویان لەسەر دۆخی ژیان و خەباتی ژنان هەیە. بۆ نموونە لە نەتەوەی ژێردەست بوون، لە چینی هەژار یان دەوڵەمەند بوون، تەمەن، دۆخی تەندروستی، خاوەنی ئایینێکی دیاریکراو بوون یان بێ ئایین بوون، ئەندامی کۆمەڵگەیەکی کەمینە بوون (بۆ نموونە کۆمەڵی پەلکەزێڕینە) و زۆر شتی دیکە هەموویان شوێندانەرن و پێکەوە دۆخی کەسەکە دیاری دەکەن.
بە سوودوەرگرتن لە ئەزموونی ئەو خەباتە هەمیشەیییە بەرانبەر بە هەموو ئەو زوڵمانە و بەرزبوونەوەی ئاستی ڕۆشنبیریی ژنان و ئاشنابوونی زیاتریان بە مافەکانیان، هەر رۆژی ناشتنی ژینا لە گۆڕستانی ئایچی ژنان هاتنە ڕیزی پێشەوەی خەباتەوە و بێدەنگیان شکاند و بە دروشمی ژن ژیان ئازادی لەچکەکانیان فڕێ دا و هەر ئەو بێدەنگی شکاندنە بووە بە چەخماخەیەک بۆ تەقینەوەی ناڕەزایەتییەکانی هەموو چین و توێژەکان و هەموو ستەملێکراوەکان. لە ڕاستیدا ژنان و بزاڤەکەیان بوونە چرای ڕێنوێنی ئەم شۆڕشە بە هەموو پێکهاتە و داخوازی و چین و توێژەکانییەوە کە بۆ مافخوازی هاتوونەتە مەیدان. بوونی ژنان بە ویستی پێشکەوتووەوە کاریگەری لەسەر ڕادیکاڵیزەبوونی ناوەرۆکی شۆڕشەکە و دروشمەکانی و داواکارییەکانی دانا، بۆیە زۆر جار باس لەوە دەکرێ کە ڕاپەڕینی ئەم جارە شۆڕشێکی فێمینیستییە.

درێژەی ئەم یاداشتە لەم بەستەرەدا بخوێنەرەوە
https://tinyurl.com/2gwtkrmk

Comments

Be the first to add a comment