💫قومێ کانی
دلاوەر ڕەحیمی
🔅پاژێک لە چیرۆکەکە
 
هەندێک لەو دیمەنانە ڕاستی بوون و خەو نەبوون، هەندێکیان ڕووداوی زەینی بوون، لەو ڕووداوانە بوون کە لە سێ تا پێنج چرکە لە زەیندا ڕوو دەدەن و کە بەئاگا دێیتەوە ناتوانی باوەڕ بهێنی کە ئەو هەموو ڕووداوانە لە سێ چوار پێنج چرکەدا لە زەیندا ڕوویان داوە و، هەم بە ڕاستی ڕوویان داوە و هەم ڕوویان نەداوە، ڕوویان داوە و ڕوویان نەداوە، ئەو هەموو ڕووداوە، ئەو هەموو خوێنە، ئەو هەموو جارە خۆکوشتنە، خۆفڕێدانە، حەب خواردنە، تەق گوللەیەک بە کەللەی خۆتەوە نانە، بە قورگتدا نانە، خۆهەڵدانە بەر لۆری و خۆخستنە خوارەوەیە، ئەو هەموو خوێنە، فرمێسکە، ئەو هەموو هەستە تێکەڵوپێکەڵە، لە یەک کاتدا ترس و بێباکییە، ئەو هەموو چی و چییە، ئەو هەموو خەون و خەوە، ئەو هەموو چی و چییە پێکەوە لە سێ چوار پێنج، تۆ بڵێ شەش چرکەدا ڕوویان داوە، ئەو هەموو خزم و کەس و هاوڕێ و هاوسێ، ناسراو و نەناسراوە، ئەو هەموو هاوخوێن، هاووڵاتی، هاوکۆڵان، هاوشەقام، هاوخەون و هاوخەوەی لەسەر گۆڕەکەتن. چۆن دەکرێ ئەو هەمووە لە سێ چوار پێنج شەش، ئێوە بڵێن حەوت چرکەدا ڕوو دەدەن. ئەو هەموو ڕووداوە، ئەو هەموو دیمەنە، ئەو هەموو سیمایە، ئەو هەموو گۆشەنیگایە، خەوە، خەونە، ئەو هەموو هەمووە. ئەو هەموو هەمووە. ئەو هەموو هەرچی هەیە و نییەیە، لەنێوان خەوەکان و ڕاستییەکان و خەیاڵ و داڵغەکان و ئەو هەموو هەمووەدا، ئەو هەموو حاڵەتە زەینییانەدا و نووسینی چیرۆکێک لەبارەی ئەودا پەشۆکاو و سەرگەردان بووم. بیرم کردەوە چۆن خۆم دەرباز بکەم، چۆن خۆم لەم تاریکستانەی بە دەستی خۆم، بە زەین و خەیاڵی خۆم، بە ویستی خۆم بۆ خۆمم دروست کردووە، دەرباز بکەم. بیرم کردەوە زمان چ کەتنێک بە مرۆڤ ناکات، بیرم کەوتەوە خەیاڵ مرۆڤ بەرەو کوێ نابات. 
🔻 درێژەی ئەم چیرۆکە لەم بەستەرەدا بخوێنەرەوە:
https://jineftin.krd/2023/01/02/%d9%82%d9%88%d9%85%db%8e-%da%a9%d8%a7%d9%86%db%8c/

Comments

Be the first to add a comment